حکوومەتی بەعس هەمیشە ڕێگەی لە کورد دەگرت بەشدارییەکی ڕاستەقینە لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا بکەن، تەنانەت بە تەواوی لە هاووڵاتیبوون بە بنەمای یەکسانی و یاسا بێبەشیان کردبوون، بۆیە پەیڕەوکردنی ئەم سیاسەتە دژی کورد زەمینەی بۆ ناڕەزایەتی لە دڵی خەڵکی کوردستان دروست کرد بە شێوەیەک کە هەستی نەتەوەیی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەکان و چەکدارەکان هەژاند، چونکە سەرکوتکردنی ئەو دامەزراوانە خەڵکی تا ڕادەیەک هاندا بۆ بەرزکردنەوەی دەنگی ناڕەزایەتی و ئەنجامدانی خۆپیشاندانی جەماوەری و ڕووبەڕووبوونەوەی دەزگا ئەمنییە حکوومییەکان بە توندترین شێوە. لە لایەکی ترەوە بزووتنەوەی نەتەوەیی بۆ سەرکردایەتی شۆڕش، لە هەڵسەنگاندنی دۆخەکەدا گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە حکوومەتی بەعس هەرگیز زمانی دیالۆگ و چارەسەری ئاشتیانەی تێنەگەیشتووە، تەنانەت ئامادەش نەبووە گوێ بگرێت، بۆیە سەرکردایەتی شۆڕش گەیشتە ئەو بڕوایەی کە دەبێت خۆی بۆ ئەو جۆرە خەباتە ئامادە بکات کە سەرکردەکانی بەعس تێیدەگەن، ئەویش بریتییە لە خەباتی شەڕی پارتیزانی چەکداری.
لە بواری خەبات و تێکۆشانی خۆیدا و لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی دامەزراوە بەعسییەکاندا، سەرکردایەتی شۆڕش هەمیشە هەوڵی دەدا ناوچە ئازادکراوەکان زیاتر فراوان بکات و چالاکی پێشمهرگه لە قووڵایی دەسەڵاتی حکوومەتدا بەهێز بکات، بۆیە بڕیاری دا هێزێکی پێشمهرگه بنێرێت بۆ چەند شوێنێکی ستراتیژی تا بتوانن گورزێکی بەهێز لە بنکە و کەمپەکانی سوپا و چەکدارە جاشەکان بوەشێنن.
ئەمەش ئەوەی سەلماند کە هێزی پێشمهرگه دەتوانێت لە هەر کات و شوێنێکدا گورزی کوشندە لە دوژمن بوەشێنێت، لە ١٠ی کانوونی یەکەمی ١٩٨٢، پێشمهرگه بە قووڵایی ٧٠ کم لە سیانی گاره هێرشیان کردە سەر پێگە و بارەگاکانی هێزی کۆماندۆ و چەکدارە جاشەکان. دوای شەڕێکی گەرم کە سێ ڕۆژ و شەوی خایاند، زیانی گیانی زۆریان بە هێزە حکوومییەکان گەیاند، ئەم شەڕەش دەنگدانەوەیەکی گەورەی لەسەر ئاستی ناوچەکە هەبوو.
سەرچاوەکان:
-
مەسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنهوهی ڕزگاریخوازی كورد، بهرگی چوارهم، ١٩٧٥-١٩٩٠ شۆڕشی گوڵان، بهشی دووهم، چاپی یهكهم، چاپخانهی ڕوكسانا، ٢٠٢١.
-
جهمال فهتحوڵله تهیب، بزوتنهوهی ڕزگاریخوازی كورد له باشوری كوردستان ١٩٧٦-١٩٨٠، چاپی یهكهم، چاپخانهی شههاب، ههولێر-٢٠١٢.
-
نوری حهمه عهلی، مێژووی تێكۆشانی پێشمهرگهیهك له نێوان ژیان و مهرگدا، چاپخانهی شههاب، چاپی دووهم، ههولێر – ٢٠١٦.


