نیزامەدین عەبدولمەجید محەمەد جان وێس بە ناوی نیزامەدین گێلی ناسراوە، یاساناس و سیاسەتمەدار بووە. لە ساڵی 1962 دا بووەتە ئەندامی پارتی دیموكراتی كوردستان. لە ساڵی 1962 دا بەڕێوەبەری ناحیەی باتیفا (گێلی) لە پارێزگای دهۆک بووە. لە ساڵی 1984 دا قایمقامی زاخۆ بووە. پاش شکستی شۆڕشی 1975 لە ساڵی 1976 دا بووەتە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی بزووتنەوەی سۆسیالیستی کوردستان و یەکێک لە دامەزرێنەرانی ئەم بزووتنەوەیە بووە. ڕۆژی پێنجشەممە 27 ی ئابی 1992 دا لەلایەن نوێنەرانی کۆنگرەی یەکەمی پارتی یەکگرتنی کوردستان بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردراوە. لە ساڵی 1993 لە کۆنگرەی یازدەهەمدا بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموكراتی كوردستان - یەکگرتوو هەڵبژێردراوە. لە ساڵی 2000 دا لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە بە پارێزگاری کەرکووک دەستنیشان کراوە.

 

ژیاننامە

نیزامەدین عەبدولمەجید لە ساڵی 1944 دا لە پارێزگای کەرکووک لەدایک بووە. لە ساڵی 1969 دا بەکالۆریۆسی یاسای لە زانکۆی بەسرە وەرگرتووە. لە ساڵانی (1968 - 1969) وەک پارێزەر لە شاری کەرکووک کاری کردووە. لە ساڵی 1969 دا بەڕێوەبەری ناحیەی باتیفا (گێلی) لە پارێزگای دهۆک بووە. لە ساڵی 1974 دا قایمقامی زاخۆ بووە. لە ساڵانی (1975 - 1976) پاش شکستی شۆڕشی ئەیلوول کۆچبەری شاینشینی ئێران بووە. لە ساڵانی (1976 - 1979) لەلایەن دەسەڵاتدارانی حکوومەتی عێراقەوە دوور خراوەتەوە و بۆ شاری سەماوە لە ناوەڕاستی عێراق بە زۆر گواستراوەتەوە. لە ساڵی 1981 دا پەیمانگەی دادوەریی شاری بەغدای تەواو کردووە. لە ساڵانی (1981 - 1991) ئەندامی داواکاری گشتیی عێراق بووە. لە ساڵی 1986 دا بڕوانامەی ماستەری لە یاسا لە زانکۆی بەغدا بەدەست هێناوە.

 

لە ساڵی 1998 دا مامۆستای وانەبێژی بەشی یاسا و ڕامیاری زانکۆی سەلاحەدین (هەولێر) و لە ساڵانی (1997 - 2000) مامۆستای یاسای تاوان لە کۆلێژی پۆلیسی هەولێر بووە. سەرۆکی ئەنجوومەنی ناوەندی پەرەپێدانی کارگێڕی بووە لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان. ئەندامی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان و دادوەر بووە. لە ڕۆژی سێشەممە 7 ی ئاداری 2000 دا لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە بە پارێزگاری کەرکووک دەستنیشان کراوە. لە ساڵی 2001 دا ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری لێژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی بە عەرەبکردنی کوردستان بووە. لە ساڵی 2002 نوێنەری کۆنگرەی ئەنفال بووە. لە 13 ی کانوونی دووەمی 2003 ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری لێژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی بە عەرەبکردنی باشووری کوردستان بووە و پاشان بووەتە ئەندامی دەستەی کارگێڕیی ئەم لێژنەیە. لە ساڵی 2003 ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لەسەر لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان بووە. شارەزای زمانەکانی کوردی، عەرەبی و ئینگلیزی بووە. لە بەیانیی ڕۆژی یەکشەممە 21 ی کانوونی یەکەمی 2003 بەهۆی ڕووداوێکی هاتوچۆوە کۆچی دوایی کردووە و لە گۆڕستانی تەعلیم تەپەی شاری کەرکووک بە خاک سپێردراوە.

خەباتنامە

نیزامەدین عەبدولمەجید لە ساڵی 1958 دا پەیوەندی بە ڕیزەکانی یەکەتی قوتابیانی کوردستان کردووە. لە ساڵی 1958 دا پەیوەندی بە ڕیزەکانی پارتی دیموكراتی كوردستان کردووە و لە ساڵی 1962 دا شەرەفی ئەندامێتیی پارتی دیموكراتی كوردستان وەرگرتووە. لە ساڵانی (1963 - 1964) ئەندامی ناوچەی لێژنەی ناوچەی قوتابیانی ئامادەییەکانی بەغدا سەر بە لێژنەی لقی پێنج بووە. لە ساڵانی (1964 - 1968) لە ڕیزەکانی یەکەتی قوتابیانی کوردستاندا و لە زانکۆی بەسرە چالاکیی کردووە و ئەندامی لێژنەی سکرتارییەتی یەکەتی قوتابیانی کوردستان بووە. لە ساڵانی (1964 - 1968) دا بەرپرسی لقی بەسرەی یەکەتی قوتابیانی کوردستان بووە. لە ساڵانی (1964 - 1968) دا سەرنووسەری بڵاوکراوەی قوتابیانی کورد لە بەسرە بووە کە بە دەست دەنووسرا و بە شێوەیەکی نهێنی بڵاو دەکرایەوە. لە 21 ی ئاداری 1968 دا بۆ ماوەی یەک هەفتە بەشداریی خۆپیشاندانی خوێندکارانی زانکۆی بەسرەی لە دژی کوشتنی مامۆستایان کردووە.

 

لە ساڵانی (1970 - 1973) دا ئەندامی ڕێکخستن بووە لە لێژنەی ڕێکخستنی باتیفا سەر بە لێژنەی ناوچەی زاخۆ سەر بە لێژنەی لقی یەک. لە ساڵانی (1983 - 1975) دا ئەندامی ناوچەی لێژنەی ناوچەی زاخۆ سەر بە لێژنەی لقی یەک بووە. لە ساڵی 1974 دا پەیوەندی بە ڕیزەکانی هێزی پێشمه‌رگه لە بادینان کردووە. لە ساڵانی (1975 - 1976) پاش شکستی شۆڕشی ئەیلوول کۆچبەری شاینشینی ئێران بووە. لە ساڵانی (1976 - 1979) لەلایەن دەسەڵاتدارانی حکوومەتی عێراقەوە دوور خراوەتەوە و بۆ شاری سەماوە لە ناوەڕاستی عێراق بە زۆر گواستراوەتەوە. لە ساڵی 1976 دا بووەتە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی بزووتنەوەی سۆسیالیستی کوردستان و یەکێک لە دامەزرێنەرانی ئەم بزووتنەوەیە بووە. لە ساڵی 196 دا بەرپرسی ڕێکخستنەکانی بزووتنەوەی سۆسیالیستی کوردستان لە بەغدا و کفری بووە. لە ساڵی 1989 دا هەتا هەشت مانگ لەگەڵ هاوسەری یەکەمی لەلایەن دەزگای ئەمنیی سلێمانییەوە بەند کراوە و ئەشکەنجە دراوە. لە ساڵانی (1991 - 1992) بەرپرسی لقی کەرکووکی پارتی سۆسیالیستی کوردستان بووە. لە ساڵی 1992 بەربژێری لیستی یەکگرتووی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردستان بووە. لە ساڵی 1992 دا بەرپرسی کۆمیتەی پارێزگای کەرکووک و ئەندامی دەزگای هەڵسەنگاندن و لێکۆڵینەوەی (پارتی یەکگرتنی کوردستان) بووە. لە ساڵی 1992 نوێنەری کۆنگرەی نیشتمانیی عێراق (کۆنگرەی پیرمام سەلاحەدین) بووە. لە ساڵی 1992 لەسەر لیستی یەکگرتوو بۆ ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردستان خۆی بەربژێر کردووە.

 

لە ڕۆژی پێنجشەممە 20ی ئابی 1992 لە شاری هەولێر بەشداری کۆنگرەی یەکەمی پارتی یەکگرتنی کوردستانی کرد. لە ڕۆژی پێنجشەممە 27ی ئابی 1992 لەلایەن نوێنەرانی کۆنگرەی یەکەمی پارتی یەکگرتنی کوردستان بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردراوە. لە ساڵی 1993 لەلایەن نوێنەرانی کۆنگرەی یازدەهەمەوە بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵبژێردراوە. لە ساڵی 1993 بووە بە بەرپرسی دووەمی لێژنەی لقی چوار. لە ساڵی 1993 نوێنەری کۆنگرەی پیرمام-ی ڕکابەرانی عێراق بووە. لە ساڵی 1994دا بەرپرسی لێژنەی لقی چواری سلێمانی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە. لە ساڵی 1994دا ئەندامی مەکتەبی پەیوەندییە کوردستانییەکان بووە. لە ساڵانی (1997 - 1998)دا بووە بە بەرپرسی لێژنەی لقی دوازدەی هەڵەبجە. لە ساڵی 1998دا بۆ قوتابیانی خولی یازدەهەمی پەیمانگەی کادیرانی پارتی دیموکراتی کوردستان - یەکگرتوو سیمینارێکی لەبارەی یاسا و دادگاکان پێشکەش کردووە. بۆ جاری دووەم لە ساڵانی (1998 - 2000) وەک ئەندامی مەکتەب لە مەکتەبی پەیوەندییە کوردستانییەکاندا کاری کردووە. لە ساڵی 1999دا نوێنەری کۆنگرەی نیشتمانیی عێراق بووە (کۆنگرەی نیویۆرک). لە ساڵی 1999دا نوێنەری کۆنگرەی دوازدەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەولێر بووە.

 

بەرهەمەکانی:

 

1 - Dewr al ata'n fî al ahkam / al qanun al cinaî.

2 - سەرۆک بارزانی و ئاشتی - 1998.

سەرچاوە:

1 - ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.

2 - سلێمان مستەفا حەسەن، کورد و یەکەم ئەزموون، (هەولێر - چاپخانەی کارۆ - 2017) لاپەڕە 279.

3 - کۆنگرە، ئەنجامی هەڵبژاردنی کۆمیتەی ناوەندی پارتییەکەمان ڕادەگەیەنێت، ڕۆژنامەی برایەتی ئۆرگانی پارتی دیموکراتی کوردستان - یەکگرتوو، ژمارە 1729، هەولێر، 27ی ئابی 1993 - لاپەڕە 1.

4 - ڕێبەری دەرچووانی خولی 18، (هەولێر - ئەنجومەنی فێرکردنی باڵا - زانکۆی سەلاحەدین 1999) - لاپەڕە 159.

5 - Al belax al xetamî lil mutemer al tewhîdî lil hizb (yekgirtin) al Kurdistanî, cerîde gel (al şa'ab), al a'dad 52, al sene al aşra, eylul 1992 - sahife 7.

6 - هێرش کەمال ڕێکانی، عەشیرەتەکانی بادینان 1514 - 1919 (دهۆک - زانکۆی دهۆک - ناوەندی بەشیکچی بۆ توێژینەوە مرۆییەکان 2019) - لاپەڕە 479.

7 - Husen Seîd Yusif Şîlanî, şîire al Gêli dirase fî a'laqatha al ictimaiye we tarîxha al siyasî fî al a'sir al hedîs, (Dihok - matba'a Xanî 2013) - sahife 449.